زۆرینه‌ی خه‌ڵك له‌م سه‌رده‌مه‌دا گله‌یی له‌وه ده‌كه‌ن یاده‌وه‌ر یان (زاكیره) یان نه‌ماوه , ئه‌مه‌ش تووشی سه‌رسورمان وه له‌هه‌مان كاتدا دڵته‌نگیان ده‌كات , به‌تایبه‌تی توێژی لاوان , پێیانوایه هۆكاری دواكه‌وتنیان له خوێندن له بهرنهمانی یاده‌وه‌رییه ! له‌م وتاره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین , باسێكی كورتی یاده‌وه‌ری و پاشان هۆكاره‌كانی لاوازبوون (نه‌ك نه‌مان)ی یاده‌وه‌ری بكه‌ین و پاشانیش باس له هۆكاره‌كانی به‌هێزكردنی بكه‌ین . یاده‌وه‌ری چیه ؟ یاده‌وه‌ری بریتیه له كرداری وه‌رگرتن , ئه‌مباركردن و پاشان گه‌ڕانه‌وه‌ی شته‌كان , هه‌روه‌ك كرداری (input) و پاشان (Save) و دوایی (Open) له كۆمپیوته‌ردا . كه‌واته بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر شتێك له یاده‌وه‌ری مرۆڤدا بمێنێته‌وه , پێویسته یه‌كه‌م : ئه‌م شته له شێوه‌ی كرداری (Input) وه‌ربگیرێت و له‌یه‌ك كاتدا یه‌ك (Input) هه‌بێت , وه‌رگرتنه‌كه رێكتر ده‌بێت . دووه‌م : بوونی شوێنی كۆگا بۆ ئه‌مباركردن , هاوشێوه‌ی فۆلده‌ر له كۆمپیوته‌ر . سێیه‌م : بوونی توانای گه‌رانه‌وه (Retrieval) له هه‌ركاتێكدا پێویستمان به‌م فۆلده‌ره یان كۆگایه هه‌بوو . كه‌واته ئێمه هه‌ندێكجار یاده‌وه‌ریمان نیه , چونكه گرفت له یه‌كه‌م: وه‌رگرتنی زانیاری یان شته‌كان هه‌یه، واته(input) نیه! زۆر جاران ئهمهگرفتی گه‌وره‌ی ئێمه‌یه! كاتێك قوتابی له پۆل داده‌نیشێت و بهروكار ئاگای لای مامۆستایه، به‌ڵام مێشكی لای شتێكی تره، یان له‌كاتی وانه ووتنه‌وه‌دا قسه‌كردنه یان مۆبایل ….هتد، له‌م بارانه‌شدا شتێك نابێت به‌ناوی یاده‌وه‌ری، چونكه هیچ زانیارییه‌ك نه‌خراوه‌ته ناو مێشك. دووه‌م: شێوازی كۆگاكردنی زانیاری، هه‌رچه‌نده زانیارییه‌كان به په‌رته‌وازه‌یی و به ناڕێكی ئه‌مبار بكرێن ئهوهندهگرفت ده‌بێت له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی زانیاری، وا دابنێ تۆ كۆمپیوتهرێكت هه‌یه‌و زۆرترین زۆرترین فۆڵدهرت تێدا كۆگا كردووه، به‌ڵام هه‌ر فۆڵدهرهو له شوێنێكه، واته له‌سه‌ر دیسكتۆپ، به‌شی (c)، به‌شی ( d)…. هتد، كاتێك به‌دوای فۆڵده‌رێك ده‌گه‌ڕێیت زۆر ئه‌سته‌م ده‌توانیت بیدۆزیته‌وه، چونكه جهنجاڵێكی زۆر له‌وێ هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی نموونه‌كه روونتر بكه‌ینه‌وه ده‌ڵێین، مێشكی مرۆڤ وه‌ك ژوورێك بۆ ئه‌مباركردنی یاده‌وه‌ری , كاتێك تۆ ئه‌م ژووره بهنارێكی پردهكهیتهوه و سه‌روبنی دیار نیه , ئه‌وا زۆر به ئه‌سته‌م ده‌توانێت شتێك بدۆزیته‌وه , ئێمه رۆژانه زانیاری وه‌رده‌گرین و به‌بێ رێكخستنه‌وه ده‌یخه‌ینه ناو كۆگاكه , بۆیه به ئه‌سته‌م ده‌یدۆزینه‌وه , له‌ماڵه‌كه‌ی تۆدا جیاوازی هه‌یه له‌و شته‌ی به‌دوایدا ده‌گه‌رێیت و له ژووره‌كه‌ی خۆتدا داناوه , له‌گه‌ڵ ئه‌و شته‌ی له كۆگای ماڵه‌كه‌تدا داتناوه ! هه‌ر زانیاریه‌ك بگاته ئاستی ئه‌مباركردن , واته له ناو مێشكدا هه‌یه و ئه‌گه‌ر بته‌وێت به دوای بگه‌رێیت ده‌یدۆزیته‌وه ! هه‌وڵبده با ماندوو بیت ! سێیه‌م :- گرفت له گه‌رانه‌وه‌ی زانیارییه‌كان , كاتیك زانیاریه‌كان هه‌ر وه‌رنه‌گیراون واته (Input) نه‌بووه , ئه‌وا گه‌رانه‌وه نابێت , كاتێك خۆت باوه‌رت وایه زانیاریه‌كان له‌وێ نین , ئه‌وا دیسان گه‌رانه‌وه نابێت , واته تۆ بۆ نموونه هه‌ر ئامێره‌كه‌ت نهكریوه یان كریوته , به‌ڵام له ماڵه‌وه نه‌ماوه , ئه‌وا بێگومان به‌دوای ناگهرێیت , یان هه‌وڵی پێویست ناده‌یت بۆ دۆزینه‌وه‌ی . جۆره‌كانی یاده‌وه‌ری چین ؟ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی یاده‌وه‌ری ده‌كرێته سێ جۆر :- یه‌كه‌م :- یاده‌وه‌ری هه‌ستی دووه‌م :- یاده‌وه‌ری كورتخایه‌ن سێ یه‌م :- یاده‌وه‌ری درێژخایه‌ن یاده‌وه‌ری هه‌ستی :- بریتیه له‌و یاده‌وه‌ره‌ی كه بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر كورت (چه‌ند چركه‌یه‌ك) به‌ڵام زانیاریه‌كی زۆر كۆگا ده‌كرێت , وه‌ك بۆ نموونه , دیتنی دیمه‌نێك بۆ چه‌ند چركه‌یه‌ك , گوێگرتن له مۆسیقایه‌ك – هتد لێره‌دا هه‌رچه‌نده ماده‌كه زۆر كورته , به‌ڵام زۆرترین بڕ له زانیاری وه‌رده‌گرین . یاده‌وه‌ری كورتخایه‌ن :- ئه‌م یادهوهریهش دوو جۆره یاده‌وه‌ری كورتخایه‌ن كه بۆ ماوه‌ی چه‌ند چركه‌یه‌ك تا چه‌ند خوله‌كێكه و هه‌ندێك جار ده‌گاته چه‌ند كاتژمێرێك پێی ده‌گوترێت , یاده‌وه‌ری كورتخایه‌ن بۆ كاتی ئێستا (Immediate memory) بۆ نموونه كاتێك پرسیار له یه‌كێك ده‌كه‌یت نیو كاتژمێر به‌ر له ئێستا باسی چی ده‌كرد , بۆ ئه‌وه‌ی توانای یاده‌وه‌ری بۆ كاتی ئێستا دیاری بكه‌ین , سێ شتی جیاواز به‌كه‌سه‌كه ده‌ڵێن وه‌ك : سێ‌و , شین , جالجالۆكه و دوای نیو كاتژمێر لێ ی دهپرسیتهوه . جۆری دووه‌م له یاده‌وه‌ری كورتخایه‌ن یاده‌وه‌ری كورتخایه‌نه بۆ چه‌ند كاتژمێرێك تا ده‌گاته چه‌ند رۆژێك و به یاده‌وه‌ری نوێ (recent memory) ناسراوه، بۆ نموونه كاتێك داوا له‌كه‌سه‌كه ده‌كه‌یت دوێنێ ئێواره چی خواردووه، شه‌ممه‌ی رابردوو چی كرد…. هتد. یاده‌وه‌ری درێژخایه‌ن: ئه‌م یادهوهریهش ده‌كرێت به دوو به‌ش، یاده‌وه‌ری درێژخایه‌نی هه‌ست(ئاگایی) و، یاده‌وه‌ری درێژخایه‌نی نه‌ست (نائاگایی). یاده‌وه‌ری درێژخایه‌نی هه‌ست (ئاگایی)، هه‌روه‌ها پێی ده‌گووترێت یاده‌وه‌ری درێژخایه‌نی دیار یان ئاشكرا( explicit memory). وه‌ك زانینی مێژووی له دایك بوون، ساڵی رووخانی رژێمی سه‌دام….هتد، ئه‌م یاده‌وه‌رییه پێی ده‌ڵێن یاده‌وه‌ری هه‌ست، چونكه به‌بێ بوونی هه‌ست ناتوانین ئه‌م زانیاریانه بگه‌ڕێنینه‌وه، بۆ نموونه كاتێك له یه‌كێك ده‌پرسی مانگه‌كانی ساڵ بژمێره، ئه‌وا ده‌بێت كه‌سه‌كه هه‌ست و ئاگای لای تۆ بێت تابتوانێت وه‌لامت بداته‌وه. جۆری دووه‌م له یاده‌وه‌ری درێژخایه‌ن كه‌وا یاده‌وه‌ری نه‌ستی پێده‌ڵێن، ناوی تریشی هه‌یه وه‌ك یاده‌وه‌ری كاركردن، یان شاراوه(working or implicit memory ). له‌م یاده‌وه‌رییه‌دا مرۆڤ پێویستی به ئاگایی نییه بۆ ئه‌نجامدانی، وه‌ك لێخوڕینی ئۆتۆمۆبێل، دروومانكردن، یان هه‌ركارێكی تر…. به‌مانایه‌كی تر ئه‌م یاده‌وه‌رییه پێویستی به كاركردن یان جوڵه‌ی ئه‌ندامه‌كان هه‌یه. قۆناغه‌كانی یاده‌وه‌ری (زاكیره): بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر یاده‌وه‌رییه‌ك ببێته درێژخایه‌ن جگه له‌وه‌ی هه‌رسێ ئامرازی وه‌رگرتن، كۆگاكردن و گه‌ڕانه‌وه‌ی پێویسته، ئه‌وا ده‌بێت یه‌كه‌مجار به یاده‌وه‌ری كورت یان هه‌ستی تێپه‌ڕێت، زۆر جاریش گرفتی ئێمه له‌وه‌دایه كار بۆ ئه‌وه ناكه‌ین یاده‌وه‌ری هه‌ست یان كورت خایه‌ن ببه‌ینه بواری یاده‌وه‌ری درێژخایه‌ن، هه‌ربۆیه‌ش زانیارییه‌كانمان بیر نامێنێت، زۆربه‌ی توێژینه‌وه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن توانای یاده‌وه‌ری كورتخایه‌ن له مێشكدا 7كه‌م یان كۆ دووه و ئه‌مه‌ش ته‌نها بۆ 18 چركه ده‌مێنێته‌وه، هه‌ربۆیه‌شه ده‌بینین ژماره‌ی مۆبایله‌كان له حه‌وت ژماره پێكهاتووه، تۆ كاتێك به مۆبایل قسه له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كت ده‌كه‌یت و داوای ژماره‌یه‌كی مۆبایلی لێده‌كه‌یت، دوای وه‌رگرتنی ژماره‌كه، داوای لێده‌كه‌یت به‌په‌له ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی دابخات نه‌وه‌ك ژماره‌كه له بیر بكات! كه‌واته چی بكه‌ین بۆ به‌هێزكردنی یاده‌وه‌ری: هه‌رچه‌نده مێشكت به‌كار بهێنی، ئه‌وه‌نده یاده‌وه‌ریت به‌هێز ده‌بێت، هه‌رچه‌نده پشوو به مێشكت بده‌یت و كاری پێنه‌كه‌یت، ئه‌وه‌نده یاده‌وه‌ریت لاواز ده‌بێت، رێك وه‌ك ئاسنێك وایه كه ئه‌گه‌ر به‌كاری نه‌هێنیت به تێپه‌ڕبوونی كان ژه‌نگاوی ده‌بێت! كه‌واته بۆ ئه‌وه‌ی یاده‌وه‌ریت به‌هێز بێت پێویسته: 1- هه‌موو رۆژ مێشكت به‌كار بهێنه‌و هه‌وڵبده شتی نوێ فێرببه، ئه‌مه‌ش یاده‌وه‌ریت به‌هێز ده‌كات، چونكه ده‌ماره خانه وه‌ك ماسولكهخانه وان، ئه‌گه‌ر به‌كاریان نه‌هێنیت دهپوكێنهوهو ئه‌گه‌ر به‌كاریان بهێنیت به‌هێز ده‌بن، بۆیه هه‌وڵده هه‌موو رۆژێك شتێك له‌به‌ر بكه‌و شتێكی تازه فێر ببه. 2- دووباره‌كردنه‌وه، هه‌رچه‌نده شته‌كان دووباره ببنه‌وه، ئه‌وه‌نده زیاتر له یاده‌وه‌ری ده‌مێننه‌وه، جیاوازی هه‌یه له نێوان ئه‌و شته‌ی رۆژانه به‌كاری ده‌هێنیت و، ئه‌و شتانه‌ی به ده‌گمه‌ن به‌كاری ده‌هێنیت، دووباره كردنه‌وه‌ی شته‌كان یاده‌وه‌ری له قۆناغی كورتخایه‌ن ده‌گوازێته‌وه بۆ قۆناغی درێژخایه‌ن. 3- نووسینه‌وه، هه‌ركاتێك بته‌وێت شتێكت له‌یاد بمێنێ ئه‌وا ته‌نها هه‌وڵ مه‌ده له خه‌یاڵت دا بێت، به‌ڵكو هه‌وڵی نووسینه‌وه‌ی بده، چونكه به نووسینه‌وه، شته‌كه زیاتر دووباره ده‌كه‌یته‌وه، هه‌روه‌ها هه‌ردوو به‌شی مێشكت به‌كار ده‌هێنیت. 4- بهكۆدكردن(chunking)، واته به‌كارهێنانی پیتی یه‌كه‌می چه‌ند ووشه‌یه‌ك بۆ ئاسانی له‌به‌ركردن، وه‌ك بۆ نموونه ئێسك ئه‌ستوور، بۆ ناوی ئه‌و ووڵاتانه‌ی ده‌وره‌ی عێراقیان داوه، ئێران، سوریا، كوه‌یت، ئه‌رده‌ن، سعودیه، توركیا! 5- به‌كارهێنانی هه‌ردوو به‌شی مێشك، تۆ ته‌نها كاتێك لایه‌كی مێشكت به‌كارده‌هێنیت ئه‌وا لۆژیكانه بیرده‌كه‌یته‌وه، به‌ڵام پێویستت بهخهیاڵاته بۆ به‌هێزكردن، بۆ نموونه كه ده‌ڵێن به‌یانی كاتژمێر8، بازاڕ، قه‌ڵات، سێ‌و، دادگه، قه‌ره‌بوو، ئه‌وا كاتێكی زۆرمان ده‌وێت بۆ له‌به‌ركردن، به‌ڵام كاتێك ئه‌م ووشانه ده‌كه‌یته چیرۆك و وێنای ده‌كه‌یت، ئه‌وا جیاوازی دروست ده‌بێت، كه ده‌ڵێی به‌یانی كاتژمێر8 پیاوێك چووه بازاڕ، له‌سه‌ر قه‌ڵات سێوێكی خوارد، پارچه‌یه‌كی فڕێ‌دا، به‌سه‌ری پیاوێكی تر كه‌وت، له دادگه سكاڵای تۆماركرد‌و پیاوه‌كه قه‌ره‌بوو كرایه‌وه! دواووته: ئه‌وه‌ی له‌م ووتاره‌دا باسكرا، جگه له ئاشنابوون به جۆره‌كانی یاده‌وه‌ری، بریتی بوو له به‌كارهێنانی شێوازی زانستی بۆ به‌هێزكردنی یادگه، ره‌نگه شێوازی تریش هه‌بن لێره‌دا باس نه‌كرابن، یان ده‌رفه‌تی باسكردنیان نه‌بوو، به‌ڵام پێویسته هه‌موو كه‌سێك ئه‌وه بزانێت، جگه له هه‌ندێك باری دیاریكراو، زۆر ده‌گمه‌ن مرۆڤ یاده‌وه‌ری له ده‌ستده‌دات، هه‌موو كه‌سێكیش به تێپه‌ڕبوونی كات ده‌زانێت چۆن یاده‌وه‌ری خۆی به‌هێز ده‌كات. د.ريَدار محمد محمدامين بسبؤرى نةخؤشية دةروونييةكان بةسوباسةوة وةركيراوة
Posted on: Tue, 16 Jul 2013 11:06:44 +0000
Trending Topics
Recently Viewed Topics
© 2015