لە دووا كۆبونەوەی م.س.ی یەكێتی - TopicsExpress



          

لە دووا كۆبونەوەی م.س.ی یەكێتی پەیامێكمان ڕاگەیاند كە یەكێتی سەرەڕای نیگەرانی لە ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن، پاپەندە بە بریاری خەڵك و لە بەر ڕۆشنایی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن پیاچوونەوەی پێویست بۆ هەڵوێست و شێوازی كارەكانی دەكات. بێگومان ئەنجامە بەراییەكان بۆ یەكێتیەكان مایەی نیگەرانی و ناڕەحەتیە. بەڵام دیارە خەڵكی ئەم وڵاتە سیاسەت و شێوازی بەرێوەبردن و كاركردنی ئەم قۆناغەی یەكێتی لا پەسەند نیە و رەتی دەكەنەوە. بۆیە دەبێ بە ووردی گوێبیستی ئەم پەیامە بین و خۆمانی لێ كەڕ نەكەین، و پیاچوونەوەیەكی بنەڕەتی بۆ هەڵوێست و سیاسەت و شێوازی كاردنمان بكەین بەهیوای ئەوەی لە هەڵبژادنی ئایندە خەڵكی متمانەمان پێ بدەنەوە. دۆَڕاندن ناخۆشە، بەڵام خۆ دزینەوە لە بریاری خەڵك شەرمەزاریە. بۆیە هەر كەسێك و هەر لایەنێك بە هەر پاساوێك بە تەمای یاری كردن بێت بە بریاری خەڵك بە پێچەوانەی بڕیاری م.س. و سەركردایەتی یەكێتی دەكات، و پێچەوانەی ویستی ئەندامانی یەكیتی و خەڵكی دەبێت. لە پاڵ ناخۆشی دۆڕاندن، شەرمەزاری و ڕیسوایی بەخۆی دەگەینێت و بە دڵنیاییەوە ئەنجام تووشی سزای یاسایی دەبێت. ئەنجامە بەراییەكانی ئێستا بۆ یەكیتی ناخۆشن، بەڵام سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن سەركەوتنێكی مەزنە بۆ گەلی كوردستان و بۆ یەكیتیش. یەكێتی لە مێژووی خۆی تووشی گلان هاتووە بەڵام بە ئیرادەوە لێیان هەڵساوەتەوە. سەرەتای هەڵسانەوەمان لەم هەڵبژاردنە ڕێزگرتنە لە ئیرادەی خەڵك و ووردبینی لە پەیامی گلەیی و رەخنەكانی خەڵك و پیاچوونەوەی سیاسەت و سەركردایەتی و شێوازی كارەكانمانە، بە ئاراستەی وەرگرتنەوەی پشتیوانی و متمانەی گەل. خۆ گێل كردن لە واقیع و خۆسەپاندن و تۆقاندن شكست و نەهامەتی گەورەتری لێ دەكەیتەوە. داواكارم گشت لایەنە سیاسیەكان پابەند بین بە رێنماییەكانی كۆمیسیۆن بۆ یەكلایی كردنەوەی سكاڵاكان بە رێگەی یاسایی تا ڕاگەیاندنی ئەنجامە فەرمییەكان. ئەركی نیشتمانی هەمووان پارستنی پاكی و بێگەردی ئەم ئەزموونە دیموكراسیەیە. هەروەها پێویستە دەزگاكانی حكومەتی هەرێم، بە تایبەتی ئاسایش و پۆلیس، كاری پێویستی خۆیان بكەن بۆ راگراتنی ئارامی كوردستان و ڕێگرتن لە تەقەكردن و ئاژاوە نانەوە. بەرهەم ئەحمەد سالەح 2492013
Posted on: Tue, 24 Sep 2013 07:19:28 +0000

Trending Topics



Recently Viewed Topics




© 2015