کونی ڕەشی دەستکرد... زانستی فیزیا - TopicsExpress



          

کونی ڕەشی دەستکرد... زانستی فیزیا هەمیشە لە پێشکەوتندایەو هەرگیز کۆڵ نادات لە تێگەشتن لە شتە ئاڵۆزو ناوازەکان. لێرەدا تیشک دەخەینە سەر کونە ڕەشەکان، هەوڵی زانایان بۆ لێکۆڵینەوەو بە سروشتی کردنی کونە ڕەشەکان بەردەوامە، کە کار دەکەن بۆ تێگەشتن لە چەمانەوەی کاتوشوێنی گەردوون. وەک بەشێک لە پرۆژەی (٢.٣٥) میلیۆن پاوەندی (~٣ میلیۆن یۆرۆ) زانا فیزیاییەکانی بەریتانیا لە هەوڵی ئەوەدان کە هاوشێوەی کونی/چاڵی ڕەش (Black Hole) دروست بکەن لە تاقیگەدا کە ئامانجەکەی بریتیە لەوەی کە بکۆڵنەوە چۆن ماددەو وزە کارلێک (ناکیمیایی) دەکەن. بۆ ئەم مەبەستەش گروپێک لە زانکۆی هێرۆیت-وات (Heriot-Watt University) لە شاری ئیدنبرۆی پایتەخی سکۆتلەندا کە هەڵدەستن بە بەرهەمهێنانی پرتەی لەیزەری (Laser Pulses) کە وزەکەی لە سنوری تریلیۆن واتدایە (Trillion Watts). ئەم پرتە لەیزەریانە بەکاردەەهێنرێن بۆ دەرخستنی ئەو سیفات و مەرجانەی کە هەن لە دەوری کونە ڕەشەکان، ئەو شوێنەی کە کێش کردن تیایدا زۆر زۆر بە‌هێزە کە تەنانەت ڕوناکیش ناتوانێت دەرباز بێت لێی وە هەروەها یاسا سروشتییەکانی فیزیا لەوێدا کار ناکەن. زانا دانیاڵ فاکسیۆ دەڵێت: " ئەوەی ئێمە دروستی دەکەین بریتیە لە هەمان چەمکی پێهاتەی کاتوشوێن (Space-Time) کە تایبەتمەندی کونی ڕەش دیاری دەکات. بەڵام ئێمە ئەم کارە دەکەین بە پرتەی ڕووناکی، کەواتە لە ڕاستیدا ئەو بارستاییەمان نیە کە لە بنەڕەتی کونی ڕەشدا هەیە." کونە ڕەشە کێشکەرەکان/ڕاکێشەرەکان دروست دەبن بە داڕوخانی ئەسێرەیەک بەرەو ناواخن. ئێمە لە راستیدا ئەو ئەستێرە داڕوخاو(هەرەس)ەمان نیە، لەبەرئەوە هیچ ترسێکمان لەوە نیە کە هەڵبلوشرێین بۆ ناو ئەو کونە رەشە کە ئێمە لێرە دروستی دەکەین" ئەو زانکۆیە بۆ ئەم کارە بڕی ٣ ملیۆن یۆرۆی پێشکەش کراوە لەلایەن ئەنجومەنی توێژینەوەی ئەوروپاوە بۆ گەڕان و هێنانەکایەی بوارێکی نویی فیزیای کوانتەم.
Posted on: Sat, 06 Jul 2013 07:18:28 +0000

Trending Topics



Recently Viewed Topics




© 2015